زانكۆی سلێمانی بە ناشتنی نەمام ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال دەكاتەوە



زانكۆی سلێمانی بە ناشتنی نەمام ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال دەكاتەوە

 kosar othman([email protected])

زانكۆی سلێمانی بە ناشتنی نەمام ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال شكۆی نیشتمان دەكاتەوە، ئەوەش وەك وەفایەك بۆ ئەو سەركردەی نەتەوەی كورد.

لەپێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوای سەرۆک مام جلال (شکۆی نیشتمان)، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی رۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی 3ی 10ی 2022 سەعات ٩ی بەیانی لە کەمپی نوێ، بەهەڵمەتی نەمام ناشتن ئەو یادەی بەرز ڕاگرت.

سەرۆكایەتی زانكۆ بە ناشتنی 99 نەمامی جۆری داری زەیتوون، ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال دەكاتەوە، كە 84 نەمامی وەك ئاماژەیەك بۆ تەمەنی پڕ خەباتی ئەو سەركردەیەی كوردو 15 نەمامەكەی تریش وەك ئاماژەیەك بۆ پێنج ساڵ كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، كە بۆ هەر ساڵێك سێ‌ نەمام، ئەوەش بەهۆی، ئەو سەركردەیە سێ‌ چاكەی زۆر گەورەی بەرانبەر زانكۆی سلێمانی كردووە، یەكەم رۆڵی لە دامەزراندنی زانكۆ هەبووە، دووەم لە دوای راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991، زانكۆكەی دووبارە بنیاتنایەوە، سێیەمیش لەپای هەوڵەكانی سەرۆك مام جلال، كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی لە قلیاسان دروستكرا.

هەروەها هۆكاری هەڵبژاردنی جۆری نەمامی داری زەیتوون بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەو دارە خۆڕاگرە بەرانبەر هەموو كەش‌و هەواو سەختییەكی ژیان، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ خۆڕاگری سەرۆك مام جەلال‌و ئەو خەباتەی لە هەموو رۆژە سەختەكاندا لە پێناو گەلی كورد كردوویەتی.

سەرۆك مام جەلال، لە رۆژی 3ی 10ی 2017 لە وڵاتی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد، دواتر تەرمەكەی هێنرایەوە سلێمانی‌و لە گردی دەباشان بە خاك سپێردرا، كە ناوبراو یەكێكە لە دیارترین سەركردەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردو سەركردایەتی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانی لەبەرانبەر دڕندانەترین رژێمی فاشستی ديكتاتۆری لە جیهاندا كرد.

سەرۆك مام جەلال، تا لە ژیاندا بوو، گرنگییەكی زۆری بە خوێندن‌و چینی خوێندەواران بەگشتی‌و زانكۆی سلێمانی دەدا، تەنانەت خۆی وتوویەتی، ئەگەر سیاسی نەبووایە، ئەوە حەزی دەكرد مامۆستای زانکۆ بوایە .





 2022-10-03
 623