زانكۆی سلێمانی سیستمێكی نوێی ئۆنلاین بۆ خوێندكارانی تازە وەرگیراو لە كۆلیژو بەشەكان دەخاتە كار



زانكۆی سلێمانی سیستمێكی نوێی ئۆنلاین بۆ خوێندكارانی تازە وەرگیراو لە كۆلیژو بەشەكان دەخاتە كار

 kosar othman([email protected])

  زانكۆی سلێمانی سیستمێكی نوێ‌ بۆ خوێندكارانی تازە وەرگیراو لە كۆلیژو بەشەكان دەخاتە كارو لە رێگەی ئەو سیستمەوە رۆتیناتی مامەڵەی خوێندكاران بۆ كۆلیژو بەشەكان كەمدەكرێتەوە.

رۆژی 12/10/2022 پرۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لەگەڵ دكتۆر چۆمان عەلادین بەرێوەبەری گشتی تۆماری زانكۆی سلێمانی‌و مامۆستا توانا سەعید بەرێوەبەری تەكنەلۆژیای زانیاری كۆبوونەوەو تاوتوێی وەرگرتنی خوێندكارانی تازە وەرگیراویان لە كۆلیژو بەشەكانی زانكۆ كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا جگە لە تاوتوێكردنی خوێندكارانی تازە وەرگیراو لە زانكۆی سلێمانی، تاوتوێی ئەو سیستمە نوێیەش كرا، كە زانكۆی سلێمانی فەراهەمیكردووە، بۆ ئەوەی خوێندكارانی وەرگیراو لە زانكۆ لە رێگەیەوە مامەڵەكانیان بۆ كۆلیژو بەشەكان پێشكەش بكەن. هەر لە كۆبوونەوەكە بڕیاردرا، لە پێناو کەمکردنەوەی رۆتینات و ڕێگرییە کارگێڕەییەکان بۆ راییکردنی کاروباری خوێندکارانی تازە وەرگیراو لەكۆلیژو بەشە جیاوازەكانی زانکۆی سلێمانی، بۆ یەکەمین جار پرۆسەی تۆمارکردنی زانیاری کەسی خوێندکاری تازە وەرگیراو دەکرێت بە ئۆنلاین‌و بۆ ئەمساڵ دەخرێتە كار.

بەپێی ئەو پرۆسە نوێیە، چیتر خوێندکار پێویست ناکات سەردانی مەیدانی زانکۆی سلێمانی بکات بۆ مامەڵەی زانیاری خۆ تۆمارکردن، بەڵكو لەڕێگەی وێبسایتی فەرمی تۆماری گشتی خوێندکاران، "لەم لینكە كلیك بكە بۆ چوونە ناو وێبسایتەكە (registrar.univsul.edu.iq)، خوێندکار دەتوانێت خۆی تۆمار بکات بە شێوەی ئۆنلاین لە ڕێگای کلیک کردن لە بەشی (فۆڕمی زانیاری خوێندکار).

هەروەها لە وێبسایتەكەدا، خوێندکار ئاشنا دەبێت بە سەرجەم بەش و کۆلیژەکانی زانکۆی سلێمانی و ناونیشانیان. هاوكات لە بەشی پرسیار و وەڵامە باوەکان لەوێبسایتی تۆماری گشتی هاوکاری خوێندکار دەکرێت، کە وەڵامی پرسیارەکانی وەربگرێت، بە بەردەوامی ئەپدەیت دەکرێت و وەڵامی هەموو پرسیارەکان دەدرێتەوە.

 

 

 

 





 2022-10-12
 6212