بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق خوێندکارانی دێرینی زانکۆی سلێمانی کۆمەڵەیەک پێکدەهێنن و سەردانی زانکۆکەیان دەکەنەوە



بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق خوێندکارانی دێرینی زانکۆی سلێمانی کۆمەڵەیەک پێکدەهێنن و سەردانی زانکۆکەیان دەکەنەوە

 [email protected]

پڕۆفیسۆر د.کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بەیاوەری د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، لە کەمپی نوێی زانکۆ پێشوازی کرد لە بەڕێزان خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆی سلێمانی ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ساڵی ١٩٨١دا، کە بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی زانکۆی سلێمانی لە چەندین وڵاتی جیهان گەڕابوونەوە بۆ زانکۆی دایک و زانکۆکەی خۆیان زانکۆی سلێمانی.

ئەم کەسایەتیانە کە پێشتر خوێندکار بوون لە زانکۆی سلێمانی و دوای دەرچوونیان بەشێکیان بوونەتەوە بە مامۆستا لە زانکۆ و ئەوانی دیکەش چەندین کەسایەتی جیاوازیان لێدەرچووە، ئەوان لە رێگەی سۆشیال میدیاوە یەکیان گرتووە کە هەر یەکێکیان لە وڵاتێکی جیاواز دەژین، دواتر گروپێکیان دروستکردووە بەناوی (کۆمەڵەی دەرچووانی زانکۆی سلێمانی لە ساڵەکانی ١٩٧٢ بۆ ١٩٨١)، کە ئەم کەسانە زیاتر لە ٢٠٠ کەس دەبن.

ئەو کۆمەڵەیە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوەوە گەیشتوونەتە شاری سلێمانی، دوێنێ یەکشەممە سەردانی کەمپی کۆن (ناوشار) یان کرد و لە کافتریای زانکۆ یەکترناسینیان ئەنجامدایەوە و دواتر وەک یادەوەرییەکی سەردەمێک کە خوێندکار بوون تییدا، بەناو زانکۆدا گەڕان.

پاشان سەردانی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی ـ یان کرد و لەلایەن پڕۆفیسۆر د.کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بەیاوەری د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، دواتر لە مەراسیمێک ئەو کۆمەڵەیە خەڵاتی ڕێزلێنانی خۆیان بەخشیە سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و پارێزگاری سلێمانی کە بەردەوام لەخزمەتی زانکۆدان.

پاشان هەمووان بەشداربوون لە نیوەڕۆ خوانێکی شایستە کە بەڕێز سەرۆکی زانکۆ وەک ڕێزێک بۆ ئەو کەسایەتی و خوێندکارە دێرینانە رێکیخستبوو.

دواتر لە مەراسیمێکدا پڕۆفیسۆر د.کۆسار محەمەد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: بە ناوى خۆم و زانكۆى سلێمانييەوە بەخێرهاتنێكى گەرمتان لێدەكەم و خۆشحاڵم لێرە بەديدارى كۆمەڵێك مامۆستا و ڕێبەرانى ڕەوتى زانستيى، شاد دەبم.

ئاماژەی بەوەشدا “جەختى زياتر لەسەر هەوڵەكانمان دەكەينەوە لەپێناو گەشەپێدانى كۆمەڵگاى ناوخۆيى و پێشكەشكردنى كادرى زانستى و دڵسۆز، هەرچەندە لەمپەر و بەربەستەكان زۆربن، بەڵام بە هيواو و ئومێدى نەبڕاوەوە و هاوڕێ لەگەڵ پێنووسى زانايان و كۆڵنەدانى فێرخوازاندا تێيان دەپەڕێنين، ئەويش كاتێك دەبێت كە عارەقى لاوى زەحمەتكێش لەگەڵ مرەكەبى توێژەراندا و ڕاسپاردەى لێكۆڵينەوە و هەوڵ و كۆششى بەرپرساندا، هاوئاوازبن و تێكەڵ بەيەكدى ببن”.

لە درێژەی وتارەکەیدا د.کۆسار محەمەد، باسی لەوەکرد: ئەمڕۆ

ڕۆژى ئێوەيە، ئەمڕۆ زانكۆ بە تێكڕاى بەشە جياوازەكانييەوە؛ بە ئێوە جوانتر و گەشاوەتر بوو، هۆڵەكانى زانكۆ بە بوونى ئێوە شەرفدارتر و ڕێزدارتر بوو، گەلێك سوپاس بۆ هەموو ئەو ساتانەى بە زانكۆكەتان بەخشى، دووبارە بەخێر بێن سەرچاوان. پێشتان دەڵێين: بێگومان دڵى نەوەكانتان لە سەرۆكايەتى زانكۆ بەڕووتاندا كراوەيە.

لەپاش ئەوە لە مەراسیمە شایستەکەدا، هەریەک لە بەڕێزان (نیازی مستەفا ساڵح کەریم، عەبدوڵا کەنهار، شاکر مەحمود) وتاریان پێشکەش کرد کە خۆیان یەکێکن لەو دەرچووانە لەو ساڵانەدا، لە وتارەکانیان بەشانازیی و یادەوەرییەوە باسی سەردەمی خوێندنیان کرد و شانازییان دەکرد کە زانکۆی سلێمانیان تەواو کردووە و لە شاری سلێمانی خوێندکار بوون، ئەمە جگەلەوەی زۆر بە گەورەیی و خۆشەویستیی و ئەمەکدارییەوە وەسفی خەڵکی سلێمانیان دەکرد.

هەر لە وتارەکانیشیاندا چەندین یادەوەری خۆش و جوانی سەردەمی خوێندنیان لە زانکۆی سلێمانی گێڕایەوە و ئامادەبووانیان دڵشاد کرد.

لەپاش وتارەکان، یەکێک لە خوێندکارە دێرینەکان کە ئێستا شاعیرە بەناوی (محەمەد ئەمین) کە خەڵکی بەسرەیە، دوو قەسیدەی لەبارەی یادەوەرییەکانی لە سلێمانی و بەسرە پێشکەشکرد و لە وەسفی سلێمانیدا گەڕایەوە شەقامەکانی سلێمانی و ئەزمەڕ و چەندین یادەوەری دیکەی ئەوکاتە.

دواتر چەند کتێبێکی ئەو خوێندکارانە کە بوونەتە نووسەری دیار، پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆ کرا.

لەکۆتایی مەراسیمەکەش بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، شیرینی سلێمانی پێشکەش کردن و وێنەی یادەوەرییان چرکاند.

بڕیارە ئەم کۆمەڵەیە چەند رۆژێک لە سلێمانی بمێننەوە و بە گەڕانەکانیان بگەڕێنەوە بۆ سەردەمێک کە خوێندکاری زانکۆی سلێمانی.

جێی باسە ئەمە یەکەم زانکۆیە خوێندکارە دێرینەکانی بەهۆی خۆشەویستیانەوە بۆی کۆمەڵەیەک دروست بکەن و پاش تەمەنێکی زۆر لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە بگەڕێنەوە ناو زانکۆکەیان زانکۆی سلێمانی.

 

 

 

 

 

 





 2022-10-18
 454