پەیامی سەرۆكی زانکۆی سلێمانی بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی دایک


ئەمڕۆ ٢٣ی ئۆكتۆبەری٢٠٢٢، (٥٤) ساڵ بەسەر دامەزراندنی "زانكۆی سلێمانی"یەكەم زانكۆ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تێپەڕدەبێت، بەو بۆنە وە سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایان و فەمانبەران و خوێندنكارانی ئەو زانكۆ ئازیزەوە دەكات، ئەمە دەقەكەیەتی:
لە ٢٣-١٠-١٩٦٨ زانکۆی سلێمانی دەمەزرا، چالاک و دەوڵەمەند لە ھەموو بوارە جیاوازەکانی زانست و زانستە مرۆڤایەتیەکاندا، کە ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی بەش و مامۆستا و خوێندکاری زیاتر لەخۆ دەگرێت یەکێکە لە گەورەترین زانکۆکانی کوردستانو چەندین ساڵە لە لوتكەی زانكۆكانی كوردستانو عێراقیشدایە.
ئێمە ئەمڕۆ یادی 54 ساڵەی دامەزراندنی ئەو زانكۆ دەكەینەوە، كەبە ھەوڵ و کۆششی دڵسۆزان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران زانکۆی سلێمانی چەندین نەوەی پێگەیاندووەو تەنانەت هەر لە منداڵدانی ئەم زانكۆیە، چەندین زانکۆی تری لە کوردستان لێکەوتووەتەوە و ھەموو سوچێکی ئەم کوردستانەی بە مەشخەڵی زانست و ڕووناکبیری ڕۆشن کردووەتەوە، هەر ئەوەشە وای كردووە، زانكۆی سلێمانی بە زانكۆی دایك ناو ببرێت.
لە ماوەی ئەو چەندین ساڵەدا بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی كاری كردووە، کە توانیویەتی ھاوشانی زانکۆکانی تری عێراق خوێندکار لە بوارە جیاجیاکاندا پێبگەیەنێت، لەم ڕێگایەشەوە توانرا ڕەوتی کۆمەڵگای کوردی بەرەو پێشکەوتن و شارستانێتی جیھان بڕوات، ئەمەش بۆتە ھۆی گەشەکردن و پەرەسەندنی زانستی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پاشان گۆڕینی ڕەوتی ژیانی مەدەنی لە سلێمانی بەتایبەتی و لە کوردستان بە گشتی.
لەكاتی دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی لە سەدەی رابردوو، رەوتی سیاسیو بزافی رزگاری خوازی گەلی كورد هەنگاوێكی گەورە چووە پێشەوە، هەر ئەوەش بووە چقڵی چاوی دوژمنان، بۆیە ڕژێم بڕیاری گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی دا بۆ شاری ھەولێر لە ساڵی خوێندنی ١٩٨١ - ١٩٨٢ وە ناوەکەشی گۆڕی بۆ زانکۆی سەڵاحەدین.
پاش ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١، کە بووە ھەوێنی بەرخوودان و وەرچەرخان و گۆڕانی مێژووی گەلی کورد و لە ئەنجامی دامەزراندنی حکومەت و پەرلەماندا و بە ھەوڵ و کۆششی دڵسۆزان و خەمخۆرانی گەلەکەمان جارێکی تر زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزرایەوە.
ئێمە لە سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خۆمانو مامۆستایانو سەرجەم كارمەندانو فەرمانبەرانو خوێندكارە خۆشەویستەكانی زانكۆكەمان دەكەین، دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەكەین رۆژێك لە رۆژان بە هەر جۆرو شێوەیەك بووە رۆڵیان هەبوو لە دامەزراندنو گەشەكردنی زانكۆكە .
بۆیە بەڵێن دووپات دەكەینەوە، كە بەردەوام دەبین بۆ گەشەپێدانی زانكۆی سلێمانی كاریش دەكەین رۆژ بە رۆژ گەشەی زیاتر بكات.بەپشتیوانی سەرجەم توێژەکانی زانکۆ (مامۆستا- فەرمانبەر- خوێندکار).
پرۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی
2022/10/23

