مەراسیمی ناساندنی كۆتا دوو پرۆژەی سیتی لاپ لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو



مەراسیمی ناساندنی كۆتا دوو پرۆژەی سیتی لاپ لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو

 [email protected]

ئەمڕۆ 10-12-2022، بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر د. كۆسار محمد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و بە ئامادەبوونی نوێنەری جێگری سەرۆكی حكومەت و نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ڤیوپایۆنیر چەندین بەر پرسی باڵای حكومی و حزبی و مامۆستایان و ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتی و رۆشنبیری شاری سلێمانی، مەراسیمی ناساندنی كۆتا دوو پرۆژەی (سیتی لاپ)، لە هۆڵی كۆنفرانسەكانی زانكۆی سلێمانی، بەڕێوەچوو.سیتی لاپ پرۆژەیەكی هاوبەشی هەردوو زانكۆی سلێمانی و كۆمپانیای ڤیوپایۆنیرە (كەبیرۆكەی پرۆژەكە خاوەنداری یەكەی بۆ كۆمپانیای ڤیوپایۆنیر دەگەرێتەوە).
سەرەتای رێورەسمەكەش بە ساتێك وەستان بۆ رۆحی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، پاشان پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. سیروان حەمە خورشید راگری كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكرد، كە تێدا ئاماژەی بەوەدا پڕۆژەی (سیتی لاپ)، یەكێكە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیجییەكانی زانكۆی سلێمانی و كۆمپانیای ڤیوپایۆنیر وماوەی چەند ساڵێكە كاری جددی لەسەر دەكرێت، كە لە رێگەی ئەم پرۆژەیەوە هەوڵدراوە باشترین كارو خزمەتگوزاری پێشكەش بە زانكۆی سلێمانی و شاری سلێمانی بكرێت، كە سەرجەم پرۆژەكانیش بیرۆكەو جێبەجێكردنی دیزانینی لەلایەن ئەندازیاری و ئەندازیاران و پسپۆرەكان و شەریكەكانی كۆمپانیای ڤیوپایۆنیر لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات كراوە، كە كار لە پرۆژەی (سیتی لاپ)دا، دەكەن كە ئەمە جێگەی فەخرو شانازییەو هەمان كات جێگەی دەستخۆشییە بۆ ئەو مامۆستاو ستافە ماندونەناس و دڵسۆزەی زانكۆی سلێمانی و كۆمپانیای ڤیوپایۆنیر.
 لە كۆتایی وتەكانیدا راگری كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی، چەند پێشنیارێكی خسە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و داواشیكرد كە هەوڵی تەواوەتی بدەن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان بە تایبەت بە دێكۆمێنتكردنی بیناو خانووە دێرینەكان و بنیاتنانەوەیی و رێگریكردن لە ناوبردنی ئەو شوێنەوارە كەلەپورییانەی كە لە سلێمانیدا هەن، كە سەروەتێكی كەلە پووری و مێژووین بۆ شارەكەمان، هەروەها هەوڵی تەواوبدەن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی رێگەی پاسكیل لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی، كە پرۆژەیەكی گرنگەو دەتوانێت ببێتە سەرمەشق بۆ شوێنەكانی تریش.
دواتر وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بەم بۆنەیەوە لەلایەن پرۆفیسۆر د.كۆسار محمد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی خوێنرایەوە ، كە تێیدا بە گرنگییەوە باسی لە پرۆژەكانی سیتی لاپ كرد، كە ساڵانێكە لەلایەن زانكۆی سلێمانی بە تایبەت كۆلێجی ئەندازیاری لەگەڵ كۆمپانیای ڤیۆپایۆنیرەوە بەرێوەدەچێت، كە چەندین مامۆستاو شارەزای بواری ئەندازیاری شەورۆژیان خستۆتە سەر یەك بۆ دیزاین و پلان و نەخشەدانان بۆ ئەو پرۆژانە، هەمان كات زۆربەی پرۆژەكانیش بیرۆكەی خودی ئەو بەرێزانەیە كە لە سیتی لاپ كاردەكەن.
هەروەها وتیشی: بێگومان یەكێك لە سیماگەشەكانی میللەتان، شارستانێییەت و گەشە كردنی بواری ئەندازیاری و تەلارسازی و بیناسازییە، بە هەموو جۆرەكانییەوە، لە هەموو سەردەمەكاندا، بۆیە شەپێدان بە بواری ئەندازیاری و خزمەتگوزارییەكانی تەلارسازی و رێگاو بان، ئەركێكی نیشتمانی و هەمان كات خزمەتێكی گەورەشە بە مرۆڤایەتی، ئەو پڕۆژانەی ئەمڕۆش كە لەم مەراسیمەدا نمایشدەكرێن سەرجەمیان كاری پرۆژەی (سیتی لاپ)-ن، كە لە زانكۆی سلێمانی و كۆمپانیای ڤیوپایۆنیر بە دەستی كەسانی پسپۆڕو شارەزای ناوخۆیی بیرۆكەكانی دارێژراوەو كاری دیزاین و سەرجەم كارە پێویستییەكانی ئەندازیاری بۆ كراوە، كە یەكێك لەوانە پرۆژەی رێگەی پاسكیلە لە ناو زانكۆی سلێمانی، هەروەها پرۆژەی بە دیكۆمێنتكردنی گەڕەك و خانووە كۆنەكانی شاری سلێمانییە كە پرۆژەیەكی زۆر گرنگ و مێژووییەو كاری زۆری لەسەر كراوەو لەئێستا بەرهەمی ئەو كارە گەورەیەش لە دوتوێی دوو كتێبدا لە چاپدراوەو لەم مەراسیمەدا بە دیدی هەموولایەكی ئاشنا دەكەین.
 سەرۆكی زانكۆی سلێمانی جەختیشیكردەوە، وەك سەرۆكایەتی زانكۆ وەك چۆن لە سەرەتادا بە هەموو شێوەیەك پشتیگیری و هاوكاری ئەم پرۆژانەمان كردووە، بە ڵێن دووپاتەكەینەوە لە ئایندەشدا بەردەوامبین لە هاوكاری كردنیان و هیواداریشین بیرۆكەو پرۆژەكان بەردەوامبن، تا هەموومان پێكەوە بتوانین هەرنەبێ خزمەتێكی بچوكیش بێت، بەم شارە خۆشەویستەی خۆمانی بكەین .
دواتر لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. چرۆ مامۆستا لە كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی و بەرپرسی سیتی لاپ، بابەتێك لەسەر پرۆژەی بیرۆكەو دیزانی رێگەی پاسكیل لەكەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی پێشكەشكرا، كە تیایدا بە وردی باس لە وردەكاری و ئامانجی پرۆژەكەو گرنگییەكەی بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو.

پاشان لەلایەن پرۆفیسۆرد. ئە مجەد محمد عەلی قەرەداغی بابەتێك لەسەر بە بەڵگە كردنی گەڕەك و بینا كۆنەكانی شاری سلێمانی پێشكەشكرا، كە پرۆژەكە زیاتر لە پێنج ساڵە كاری بەردەوامی تێداكراوە كە زانیاری تەواو لەسەر هەزاران بینا لە هەموو گەڕەكە كۆنەكانی شاری سلێمانی وەرگیراوەو كۆكراوەتەوە، هەروەها نەخشەی زیاتر لە سەد بینای جۆراو جۆری كۆن و كەلەپوری وەك خانوو و بازاڕو مزگەوت و حەمام هەڵگیراوەتەوە، كە بە روونترین و راست و دروسترین شێواز پێشكەشبكراوەولە دوو توێی كتێبێكدا بە چاپ گەیەنراوە.
لە كۆتایی پێشكەشكردنی بابەتەكانیاندا هەردوو مامۆستای بەرێز، داواشیان لە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار كرد هەستێت بە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە، وەكو (سیتی لاپ)یش، ئامادەیی تەواویان تێدایە بۆ هەموو هاوكاری و پێدانی زانیاری ورد لەسەر كۆی پرۆژەكان و چۆنێتی جێبەجێكردنیان. 
 لەكۆتاییدا سەرۆكی زانكۆ سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی  هەموو ئەو لایەن و كەسایەتیانە كرد كەلەم پرۆژەیەدا ماندوو بوون بەتایبەتی مامۆستایانی كۆلیجی ئەندازیاری و هەروەها كۆمپانیای ڤیوپایۆنیر كە وەك دیاری پرۆژەی سیتی لابیان بەخشیە زانكۆی دایك و دواتر لەم پرۆژەیەوە چەندین پرۆژەی گرنگ لەزانكۆی دایك لەدایكبوون لەوانە ئەم دوو پرۆژە گرنگەی ئەمرۆ.





 2022-12-10
 1394