لە زانكۆی سلێمانی پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی گەورەی گەلەكەمان مامۆستا مەزهەری خالقی لادرا



لە زانكۆی سلێمانی پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی گەورەی گەلەكەمان مامۆستا مەزهەری خالقی لادرا

 [email protected]

ئەمڕۆ 20-12-2022، بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر د. كۆسار محمد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و هونەرمەندی گەورەی گەلەكەمان مامۆستا مەزهەر خالقی و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و چەندین مامۆستاو فەرمانبەرو رۆشنبیری و كەسایەتی لە رێورەسمێكدا لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی ، پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی گەورەی گەلەكەمان مامۆستا مەزهەری خالقی لادرا.

لە سەرەتای رێورەسمەكەشدا لەلایەن  پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رێبوار سەعید راگری كۆلێجی هونەر، وتەیەك بەم بۆنەیەوە پێشكەشكرا، كە كورتەیەكی لەسەر ژیان و بەرهەمەكانی مامۆستا خالقی بۆ ئامادەبووان باسكرد، هەروەها رایگەیاند: مامۆستا مەزهەری خالقی یەكێكە لە ئەستێرە درەوشاوەكانی ئاسمانی هونەرو گۆرانی كوردی كە ساڵانێكی زۆرە خزمەت بە هونەری میللەتەكەمان دەكات و لە ئێستاشدا لە رێگەی كردنەوەی ئینستیوتی كەلەپوری كوردییەوە توانیوێتی ئەرشیفێكی گەورەی هونەری هەر چوار پارچەی كوردستان كۆبكاتەوە، كە ئەمە بۆ خۆی سەرمایەیەكی گەورەیە بۆ هونەری میللەتەكەمان و پاراستنێتی لە لەناوچوون و زیندوكردنەوەی ئەو هونەرو رۆشنبیرییە گەورەیەی گەلەكەمانە، كە جێگەی فەخرو شانازییە.
وتیشی: دروستكردنی ئەم پەیكەرەش بۆ مامۆستای گەورە، بۆ خۆی وەك وەفایەكە بۆ ئەو هونەرمەندە گەورەیەی گەلەكەمان، كە ئەم پەیكەرە بە سوپاسەوە لە لایەن هونەرمەندی پەیكەرساز هادی زیائەدینی-یەوە دروستكراوە.
پاشان لە لایەن د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانییەوە وتەیەك پێشكەشكراو رایگەیاند: خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین ئەمڕۆ لەم رێورەسمەدا پەردە لەسەر پەیكەری كەسایەتییەكی گەورەی گەلەكەمان لادەدەین كە شایەنی زۆر لەوە زیاترە بۆی بكرێت، چونكە مامۆستا مەزهەر ئەستێرەیەكی گەشی ئاسمانی هونەری كوردییەو بەشێكی زۆری تەمەنی لە پێناو خزمەتكردنی هونەرو ئەدەب و وێژەی گەلەكەی سەفكردووەو لە ئێستاشدا بەردەوامە لە خزمەتكردن بە ئەرشیفی هونەری گەلەكەمان لە هەرچوار پارچەی كوردستان.
دواتر وتەیەك لەلایەن مامۆستا مەزهەری خالقی-یەوە، پێشكەشكراو رایگەیاند: لە دڵەوە سوپاسی زانكۆی سلێمانی و پایتەختی رۆشنبیری شاری سلێمانی دەكەم، كە هەردەم هاوكارمان بوون، هەر لەلایەن ئەم زانكۆیەوە شانازی ئەوەم پێدرا كە دكتۆرای فەخرییان پێبەخشیم، لە ئێستاشدا خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كە شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری ، بە دانانی پەیكەرێكی من ئەم رێزەم لێدەنێن بۆیە جێگەی خۆشحاڵی و هەمان كات سوپاسە.
 پاشان لەلایەن هەریەك لە سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و پارێزگاری سلێمانی و مامۆستا مەزهەری خالقییەوە پەردە لەسەر پەیكەری مامۆستا مەزهەر لادرا.




 2022-12-20
 1216