كۆنفرانسی نێودەوڵەتی هاوبەشی زانستی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی و زانكۆی كەربەلا بەرێوەدەچێت



كۆنفرانسی نێودەوڵەتی هاوبەشی زانستی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی و زانكۆی كەربەلا بەرێوەدەچێت

 [email protected]

ئەمڕۆ 21-12-2022، بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر د. كاوە عەبدولڵا یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری زانستی و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. سیروان خورشید راگری كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی د. لەیت شاكر رەشید راگری كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی كەربەلاو چەندین مامۆستاو خوێندكار، كۆنفرانسی نێودەوڵەتی هاوبەشی زانستی ئەندازیاری، زانكۆی سلێمانی و زانكۆی كەربەلا و زانكۆی سویم بێرگی ئوسترالی، لە هۆڵی كۆنفرانسی كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی، دەستی بەكارەكانی كرد.

لە سەرەتای كۆنفرانسەكەشدا فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر مێژووی دامەزراندن و گەشەكردنی كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی نمایشكرا، پاشان وتەی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بەم بۆنەیەوە لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. سیروان خورشید راگری كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانییەوە، خوێنرایەوەو رایگەیاند: ئامانجی ئەم كۆنفرانسە تاوتوێكردنی ئەو كێشە ئەندازیارییانەیە كە كاریگەرییان لەسەر ژیانی رۆژانەمان هەیە، هەروەها دۆزینەوەی چارەسەری سەردەمییانەو گونجاوە بۆیان.

وتیشی: بۆ ئەم كۆنفرانسە لەسەرەتادا 136 توێژینەوەی زانستی لەسەر بوارەكانی ئەندازیاری شارستانی و تەلارسازی و كۆمپیۆتەرو كارەبا و نەوت و كیمیا، ئامادەكرابوون، بەڵام تەنها 101 توێژینەوەیان پەسەند كران، 35 توێژینەوەیان رەتكرانەوە، جەختیشیكردەوە، كە هیوادارن لەم كۆنفرانسەدا بتوانن لە رێگەی ئەو توێژینەوانەی كە لە لایەن پسپۆڕانی ئەندازیارییەوە پێشكەش دەكرێن، بە شێوەیەكی زانستی و سەردەمییانە كێشە ئەندازیارییەكان دەستنیشان بكرێن و چارەسەری پێویستیان بۆ بدۆزرێتەوە .

راگری كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، تەواوی كۆنفرانسەكە ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت، كە دوو رۆژیان لە زانكۆی كەربەلا بەڕێوەچووەو دوو رۆژەكەی تریشیان لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت .






 2022-12-21
 1576