سەرۆكی زانكۆ پێشوازی لە پرۆفیسۆر د. فریاد فازیل عومەر سەرۆكی ئینستتیوتی خوێندنی كوردی لە بەرلین كرد



سەرۆكی زانكۆ پێشوازی لە پرۆفیسۆر د. فریاد فازیل عومەر  سەرۆكی ئینستتیوتی خوێندنی كوردی لە بەرلین كرد

 [email protected]

ئەمڕۆ چوارشەممە  25-1-2023،  پرۆفیسۆر د. كۆسار محمد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پێشوازی لە پرۆفیسۆر د. فریاد فازیل عومەر مامۆستای زانكۆی ئازادی بەرلین و سەرۆكی ئینستتیوتی خوێندنی كوردی لە بەرلین كرد.
لەو دیدارەدا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پیرۆزبایی لە پرۆفیسۆر د. فریاد فازیل، كرد بە بۆنەی وەرگرتنی ملوانكەی خاچەخەڵاتی لێهاتوویی كە لە لایەن سەرۆك كۆماری ئەڵمانیاوە پێی بەخشرا.
دواتر هەردوولا باسیان لە پتەوكردنی پەیوەندی نێوان زانكۆی سلێمانی و زانكۆی ئازادی لە بەرلین كرد، لە رووی گۆڕینەوەی زانیاری و دروستكردنی پردی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕكردنی خوێندكاران و ئەنجامدانی كۆنفرانس و سیمیناری زانستی لە نێوان هەردوو زانكۆدا، هەروەها د. فریاد فازیل عومەر، چەند نامیلكەو كتێبێكی بەخشییە سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و بەڵینی پێدان كە چەند ئەرشیفێكی كۆن و ناوازەی زانكۆی سلێمانی كە چەندین ساڵە لەلای خۆی پاراستوونی پێشكەشی زانكۆی سلێمانی بكات، هەروەها چەندین كتێبی ناوازەی تر لەسەر زمانی كوردی پێشكەشی زانكۆ بكات .
پاشان لەلایەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانییەوە لۆگۆی نەخشێنراوی زانكۆ پێشكەش بە پرۆفیسۆر د. فریاد فازیل عومەر كرا.
د.فەریاد فازیل عومەر، لە ساڵی 1950 لە سلێمانی لەدایكبووە و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە زمانی كوردی و تا ساڵی 1978 لە زانكۆی سلێمانی وانەی كوردی وتووەتەوە.
لە ساڵی (1982)ەوە لە زانكۆی ئازاد لە بەرلین وانە بە خوێندكارانی زمانی كوردی بە هەردوو شێوەزاری كورمانجی و سۆرانی دەڵێتەوە و خاوەنی 32 كتێبی چاپكراوە، لە ساڵی (1988)ەوە خاوەنی ئینستتیوتی خوێندنی كوردیە كە زیاتر لە 20 هەزار كتێبی جیاواز لەخۆی دەگرێت. 
ئەم روناكبیرە كوردە، ماوەی 40 ساڵە لە بەرلین خزمەت بە ناساندنی زمان و ئەدەب و مێژووی كورد دەكات.
لە بەهاری ساڵی 2022 دا زانكۆی سلێمانی وەك وەفایەك بۆ ئەم مامۆستا هەڵكەوتەیە، لە هۆڵی مەڵبەندی رۆشنبیری زانكۆ، كۆڕێكی بۆ بڵاوكردنەوەی كتێبی "مەم و زین"ی ئەحمەدی خانی بۆ "د.فەریاد فازیل عومەر" رێكسخت و قەڵغانی زانكۆی سلێمانی پێشكەشكرا.
لە كۆتایی ساڵی 2022، دا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، ملوانكەی خاچەخەڵاتی لێهاتوویی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ بەم  روناكبیر و مامۆستا گەورەیەی كورد  بەخشرا.




 2023-01-25
 83