لە زانكۆی سلێمانی زنجیرە پانێڵی “پێداگۆجی لەسەدەی بیست و یەكدا: ئاڵنگاری و چارەسەرەكان” بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-2-2023، بە ئامادەبوونی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی پرۆفیسۆر د. كۆسار محمد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و ئامادەبوونی مامۆستا ستەم كامیل بەڕێوەبەری سەنتەری راهێنانی پێداگۆجی و چەندین مامۆستا، لە هۆڵی سیمیناری سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی پانێلێی پێداگۆجی لەسەدەی بیست و یەكدا: ئاڵنگاری و چارەسەرەكان بەڕێوەچوو.
لە دەستپێكی چالاكییەكەشدا مامۆستا ستەم كامیل بەڕێوەبەری سەنتەری راهێنانی پێداگۆجی وتەیەكی پێشكەشكرد، كە بەوردی باسی لە ئامانج و دیدگاكانی پێداگۆجی كرد، بۆ گۆڕانكاری لە بواری پەروەردەو خوێندنی باڵادا، كە لەم سەدەی بیست و یەكەدا، لەگەڵ گۆڕانكارییە گەورەو خێراكاندا پێویستە كۆمەڵگەی ئەكادیمیش لە هەرێمی كوردستان خۆی بۆ ئەو گۆڕانكارییانە ئامادەبكات، هەمان كات بەردەوام هەوڵی خۆگونجاندن و گۆڕانكاری بدات بە فۆڕمێكی دامەزراوەی، تاكو هاوشانی ئەو گۆڕانكارییە گەورانە گەشە بكات، بۆیە سەنتەری راهێنانی پێداگۆجی دەیەوێت لەڕێگەی بەكارهێنانی میتۆدە نوێیەكانی پێداگۆجییەوە چارەسەری نوێ و جیاواز بۆ بەشێك لە كێشە گرنگ و هەنووكەییەكانی بواری خوێندنی باڵا بدۆزێتەوەو لە رێگەی ئەم جۆرە پانێڵانەوە پانتاییەكی هاوبەش دروست بكات لە نێوان مامۆستایان و بڕیار داڕێژەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆی سلێمانی، تا لە رێگەی گفتوگۆو لێكتێگەیشتنەوە چارەسەری هاوبەش بۆ كێشەكان بدۆزینەوە.
دواتر پانێڵی یەكەم كەبە سەرپەرشتی مامۆستا شاكار ئیبراهیم رێكخرابوو ، تێیدا چەند بابەتێك پێشكەشكران لەوانە: مامۆستا (ئارام ئەحمەد) بابەتێكی لەسەر خوێندنی باڵا لەبەردەم ئاڵنگارییەكانی زیرەكی دەستكردا، پێشكەشكرد، هەروەها مامۆستا (راز كامەران) بابەتێكی لەسەر (بەرەو دامەزراندنی بانكی زانیاری پێشكەشكرد، مامۆستا سەرمەد لەتیف بابەتێكی لەسەر (داڕشتنەوەی پلە بەرزكردنەوەی زانستی )پێشكەشكرد، هەروەها مامۆستا ئەسرین مەنسور بابەتێكی لەسەر (بەرەو لە خۆگرتنی نازناوی زانستی نێودەوڵەتی) پێشكەشكرد، مامۆستا هێشو تاهیر بابەتێكی لەسەر (زیرەكی دەستكردو لێكەوتەكانی لەسەر تەكنیكەكانی توێژینەوە) پێشكەشكرد، مامۆستا كانی نامیق بابەتێكی لەسەر (توێژینەوەی هاوبەش وەك ڕایەڵەی نێوان زانكۆو كۆمەڵگە) پێشكەشكرد.
لە پانێڵی دووەم كە لەلایەن مامۆستا دیدار عەبدولوەفا، رێكخرابوو، تێیدا، مامۆستا گەشە عەبدوڵا بابەنێكی لەسەر (تیڤت وەك هێڵی سێیەم) پێشكەشكرد، مامۆستا محەمەد رەسوڵ بابەتێكی لەسەر (دیدێكی نوێ بۆ چارەسەركردنی كێشەی بێكاری دەرچوانی زانكۆ) پێشكەشكرد، هەروەها مامۆستا كەژی ئەحمەد بابەتێكی لەسەر (بەرەو دامەزراوەیكردنی توانستە نەرمەكان و گەشەپێدانی مرۆیی) پێشكەشكرد، مامۆستا بێلان باپیر بابەتێكی لەسەر (سێ راسپاردە بۆ بەهێزكردنی پێواژۆی بۆڵۆنیا) پێشكەشكرد، لە كۆتایدا مامۆستا زانا جەلال بابەتێكی لەسەر (هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی دەستێوەردانی سیاسی لە زانكۆ) پێشكەشكرد.
لە كۆتایی هەرپانێڵێكدا دەرگای گفتوگۆو بەڕووی ئامادەبوواندا دەكرایەوە، بۆ پرسیاركردن لەسەر باباتەكان و هەروەها خستنەڕووی پێشنیار و ئایدیای جیاواز بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی بابەتەكان.

