زانكۆی سلێمانی پانێڵێكی لەبارەی "چات جی پی تی" پاشخان و داهاتوو و ئەگەری ئاڵنگاری لە وتنەوەی وانەو فێربووندا ئەنجامدا


ئەمڕۆ یەکشەممە 26-2-2023، بەرێوبەرایەتی تەکنەلۆجیای زانیاری و ئاماری زانکۆی سلێمانی پانێڵێکی لە هۆڵی کۆبونەوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەناو نیشانی “چات جی پی تی: پاشخان و داهاتو و ئەگەری ئاڵنگاری لە وتنەوەی وانە و فێربووندا” ئەنجامدا.
بەڕێوەبەر و رێکخەری پانێلەکە توانا سعید علی بەرێوبەری تەکنەلۆجیای زانیاری و ئامار بوو، هەریەک لە پ.ی.د. عبدالباسط كامل فائق، سەرۆکی بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازی لە زانکۆی کۆیە، دانا حەسەن ئەحمەد مامۆستای یاریدەدەر لە کۆلێجی زانست/ بەشی زانستی کۆمپیوتەر
زانکۆی گەرمیان، جەزا مەحمود عەبدوڵا مامۆستا لە کۆلێجی بازرگانی/ بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری زانکۆی سلێمانی، بەشداربوون لە پانێلەکەدا.
پانێلەکە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر د.کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و بەشێکی زۆر لە راگر و مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران بەڕێوەچوو.
لە دەستپێكی پانێلەكەدا مامۆستا توانا سەعید، بەڕێوەبەری تەکنەلۆجیای زانیاریی و ئاماری زانکۆی سلێمانی و رێکخەری پانێلەکە، رایگەیاند: زانكۆی سلێمانی وەك چۆن هەمیشە پێشەنگ بووە لە گۆڕانكاریدا، لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان هەمیشەش لەسەرجەم بوارەكاندا جێگە دەستی دیاربووە، ئەمەش بۆخۆی جێگەی شانازییە بۆ شاری سلێمانی و خودی زانكۆی سلێمانیش، بۆیە لەم پانێڵەدا دەمانەوێت ئەوە بە وەزارەتی خوێندنی باڵاو بەرپرسانی حكومەت بڵێین كە داهاتوو داهاتووی(AI)، واتە زیرەكی دەستكردە، كە "Chat GPT"" یشی تێدایە، بۆیە هیواداین كە زانكۆی سلێمانی بایەخێكی تایبەت بە (AI) بدات و ببینە دەستپێشخەر كە فۆكەسی تەواوەتی بخەینە سەر (AI).
پاشان كورتە ڤیدیۆیەك لەبارەی Chat GPT نمانشكرا بۆ زیاتر ئاشنابوون بەو بوارە تەكنەلۆجییە، كە نوێیە و دەتوانرێت بۆ بواری خوێندن و توێژینەوە كاری پێبكرێت و سودی زۆر گەورەی لەو بوارانەدا لێوەربگیرێت.
لە پانێلەکەدا بەشداربووان بە وردی باسیان لە سەرەتای سەرهەڵدانی " Chat GPT " و بڵاوبوونەوەی و گەشەی ئەو بوارەی تەكنەلۆجیای زانیاری كرد لەسەرجەم بوارەكانی ژیاندا، هەروەها ئەو گۆڕانكارییانەی كە دەكرێت لە بوارەكانی فێركردن و خوێندن و توێژینەوەی زانستیدا سودی زۆر گەورە بە مامۆستیان و فێرخوازان بگەیەنێت.
ئەمە جگەلەوەی باسێکی گرنگیان لە زیرەکی دەستکرد و ترس لێی کرد، پاشان ئامادەبووان بە گفتوگۆ و سەرنجەکانیان بەشدارییەکی کارایان لە پانێلەکەدا کرد.






