ڕوونکردنەوەیەک لە نوێنەرایەتى مامۆستایانى زانکۆى سلێمانیەوە
pave jamil ([email protected])سڵاوى زانست و خەبات و مرۆڤ دۆستى و وڵات دۆستى بەڕێزان:
ئێمە لە نوێنەرایەتى مامۆستایانى زانکۆى سلێمانى و بەناوى مامۆستایانى زانکۆوە پشتگیرى لە هەر پرۆژەیەکى چاکسازى و خزمەتگوزارى دەکەین کە لەم وڵاتە بکرێت . سەبارەت بە خوێندکارانى زانکۆش خۆمان بە داکۆکیکارى داواکاریە ڕەواکانیان دەزانین کە بەشێوەیەکى ڕێک و پێک و گونجاو بە نوسراو بخرێتە بەردەستى لایەنى بەرپرسی زانکۆ و وەزارەت نەوەک بە توند و تیژى و شکاندن و وێرانکردن ، لەهەمان کاتیشدا دژى هەر کارێکى گێرەشێوێنى و تێکدانى بارودۆخى وڵاتین . ئەوەى لەم یاداشتە دا مەبەستمانە ئاماژەى پێبدەین ئەو ڕووداوانەیە کە ئەم شەوى ١٥/١١/٢٠١٥ لە کامپى نوێ ى زانکۆ ڕوویداوە و کۆمەڵێک خوێندکارى زانکۆ لە بەشە ناوخۆییەکانى ناو کامپى نوێى زانکۆ هەستاون بە شکاندنى سەرجەم یاسا و ڕێنمایی و ڕێکارە خوێندکاریەکان و بە شێوەیەکى نامرۆڤانە هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند ئۆفیسێکى زانکۆ و زیانێکى زۆرى ماددیان گەیاندووە بە کەل و پەل و بیناکان و دواتریش پەلامارى هێزەکانى چالاکیە مەدەنیەکانیان داوە و چەند پۆلیسێک بریندارە ، ئەمە سەرەراى ئەوەى کە چەند خوێندکارێکى خاوەن هەڵوێست ویستویانە ڕێگرى بکەن لەو کارە قێزەونە بەڵام دواتر پەلامارى ئەوانیشیان داوە برینداریان کردووە . لە کۆتاییدا پشتگیرى تەواوى سەرۆکایەتى زنکۆى سلێمانى دەکەین بۆ سزادانى هەرکەسێک کە ئەو کارەى کردووە یان بەشدار بووە ، جەختیش دەکەینەوە کە پێویستە زانکۆ دەستەوەستان نەبێت لە سزادانى یاسایی هەکەسێک کە بیەوێت زانکۆکەمان وێران بکات و ڕێگە بگرێت لە هەنگاوەکانى بەرەو پێشچوونى زانکۆ. لەگەڵ ڕێزماندا ...
نوێنەرایەتى مامۆستایانى زانکۆى سلیمانى ...
2015-11-15
2422