مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ کۆمەڵێک مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ سازکرا
Shakar Muhamad([email protected])
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 6/12/2015 مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ کۆمەڵێک مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ سازکرا.
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان و بەرپرسان و مامۆستایانی و فەرمانبەرانی زانکۆ، کۆمیتەی زانکۆی سلێمانی بە هاوکاری ناوەندی راگەیاندنی زانکۆ، مەراسیمێکی رێزلێنانیان بۆ کۆمەڵێک مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رێکخست، کە لە هۆڵی کۆنفرانسی سکوڵی زانستی زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەراسیمەکە بە پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی مێژوویی تایبەت بە شاری سلێمانی و زانکۆی سلێمانی دەستی پێکرد، پاشان لە مەرەسیمەکەدا راپۆرتێکی دۆکیومێنتەری پێشکەشکرا کە تایبەت بوو بە شاری سلێمانی و زانکۆی سلێمانی بە ناونیشانی "سلێمانی و زانکۆی دایک، کانگای رۆشنبیری و داهێنان" کە لەلایەن ناوەندی راگەیاندنەوە ئامادەکرابوو.
لە وتەیەکیدا لێپرسراوی کۆمیتەی زانکۆ بورهان عبدالرحمن مصطفی وەک سەرپەرشتیاری مەراسیمەکە وێڕای بەخێرهاتنی میوانان، سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە هاوکاری پێشکەشی زانکۆکان دەکەن و وتی: "ئەم مەراسیمە بۆ ئەو مەبەستە رێکخراوە کە ببێتە هاندەرێک بۆ هاریکاری و دلسۆزی زیاتری مامۆستایان و فەرمانبەران، هاوکات ئەم مامۆستاو فەرمانەرانەی کە لەم مەراسیمەدا خەڵاتی رێزلێنانیان بۆ سازکراوە وەک پاداشتێکی بچووکە لە بەرانبەر ماندوبوونیاندا"
دواتر لە وتەیەکیدا سەرۆکی زانکۆی سلێمانی پرۆفیسۆر دکتۆر سەڵاح سەعید وتی:"پێشکەوتنی زانکۆی سلێمانی ئامانجی هەموومانە و لەوپێناوەشدا کارمانکردووە و کاردەکەین".
پاشان لەتیف شێخ عومەر لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە وتەیەکی کورتیدا پشتگیریکردن و هاندانی ئەم جۆرە مەراسیم و بۆنانەی بەرز نرخاند.
لە کۆتاییدا رێورەسمی دابەشکردنی خەڵاتی رێزلێنانەکە دەستی پێکرد کە بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و فەرمانبەرانی شایستەی زانکۆ ئامادە کرابوو.
.jpg)
2015-12-06
2144