كۆمیتەی ڕێكخستنی زانكۆ سلێمانی - مەراسیمی ڕێزلێنان
Karzan Tahir ([email protected])كۆمیتەی ڕێكخستنی زانكۆ سلێمانی ئەمرۆ كاتژمێر(11)سەر لە بەیانی لە هۆڵی كۆنفرانسی سكوڵی زانست لە زانكۆی سلێمانی مەراسێمی ڕێزلێنانی بۆ ژمارەیەك مامۆستا و بەڕێوەبەر و فەرمانبەری زانكۆی سلێمانی ڕێكخست.
بڕیاربوو ئەم مەراسیمە لە رۆژی 16/11 لە یادی دروستكردنی شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت بەڵام لە بەر هەندی هۆكار دواخرا بۆ ئەمرۆ.
سەرەتای دەستپێكی مەراسیمەكە بە كردنەوەی پێشانگایەكی فۆتۆگرافی دەستی پێكرد كە تایبەت بوو بە وێنەكانی شاری سلێمانی كە لەلایەن بەڕێز( عومەر فەتاح ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە )كرایەوە.
پاشان بە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان مەراسیمەكە دەستیپێكرد، دواتر فلیمێكی دیكۆمنتیاری پەخشكرا بە ناونیشانی(سلێمانی و زانكۆی دایك) دواتر وتاری هەر یەك لە (م. بورهان) لێپسراوی كۆمیتەی ڕێكخستنی زانكۆ و ( د.صەڵاحەدین سعید عەلی ) سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و ( شێخ لەتیف ) لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێكخستنی(1) پێشكەش كرا ، دواتر خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە (15) مامۆستا و (3) مامۆستای وەرزشەوان و (5)بەڕێوەبەر و فەرمانبەر.
( د.سۆران محمەد مەمند) ئەندامی كۆمێتەی زانكۆی سلێمانی و ڕێكخەری مەراسیمەكە ڕایگەیاند: خەڵاتی ڕیزلێنان بەخشرایە (15) مامۆستا كە مامۆستای بە ئەمەك و دڵسۆزی زانكۆن و زیاتر لە بیست ساڵە لە خزمەتی زانكۆدان، (3) مامۆستای وەرزشەوان كە پاڵەوانن لە سەر ئاستی جیهانی و وڵاتانی عەرەبی و و(5)بەڕێوەبەر و فەرمانبەر كە ساڵانێكی زۆرە لە بەڕێوە بەرایەتیەكان و فەرمانگاكان خزمەتی زۆری زانكۆیان كردووە .
2015-12-08
1422