بە9 کتێب بۆشاییە مەعریفیەکانی خوێنەری کورد پڕ دەکرێتەوە
[email protected]
ئەم کتێبە لەلایەن (پڕۆفیسۆر د.خەلیل عەلی موراد)ەوە نوسراوەو لەلایەن (د.سەلام عەبدولکەریم ، بەرزانی مەلا تەها) وە لەزمانی عەرەبییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردیی، کەبەرهەمێکی بەسوودە بۆ بەشە مێژووییەکانی زانکۆکانی کوردستان تایبەتە بەمێژووی هاوچەرخی تورکیا، کەلەلایەن دەزگای رۆشنیری جەمال عیرفان ساڵی 2015 چاپکراوە.
ئەم کتێبە لەدەروازەیەک و شەش بەش پێکهاتووە. دەروازەکە لەژێر ناونیشانى" لەدەوڵەتى عوسمانییەوە بۆ تورکیاى سێکیۆلار" دایەو، دەستپێکێکە بۆ بابەتى کتێبەکە. تێیدا باس لەدامەزراندنى سیستەمى سێکیۆلاری کردووە لەتورکیادا.
بەشی یەکەمى لێکۆڵینەوەکە تایبەتکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەڕۆڵى سوپاى تورکیا بەسیفەتى "پاسەوان"ی پرەنسیپەکانى ئەتاتورکیزم. بەشی دووەم بابەتى گەشانەوەو ژیانەوەى ئیسلامیی لەتورکیا لەخۆدەگرێـت هەر لەجڵەوکردنى دەسەڵاتەوە لەلایەن پارتى دیموکراتەوە لەساڵى 1950، لەبەشی سێیەمدا بەدواداچوون کراوە بۆ هەڵوێستى سوپا بەرامبەر بەئیسلامى سیاسیی لەتورکیا لەسەروبەندى هەردوو دەیەى شەستەکان وحەفتاکاندا.
لەبەشی چوارەمى ئەم کتێبەدا باس لەو سێ ساڵە کراوە کە کەوتۆتە نێوان کودەتاکەى 12ى ئەیلولی 1980و هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى تشرینى دووەمى 1983 کە پارتى دایکى نیشتیمان بە ڕێبەرایەتیى تورکوت ئۆزال سەرکەوتنى بەدەستهێنا.قۆناغى ئۆزال (1983-1993) یەکێکە لەگرنگترین قۆناغەکان لەتورکیا لەنیوەى دووەمى سەدەى بیستەمدا لەسەر ئاستى هەردوو سیاسەتى نێوخۆیی و دەرەکیى لەم وڵاتەدا، بەشێوەیەکى چڕوپڕ، لەبەشى پێنجەمدا قسەى لەسەر کراوە. هەرچى بەشى شەشەم و کۆتایى ئەم کتێبەیە تایبەتکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەهەڵوێستى دامەزراوەى سەربازیى بەرامبەر بەپارتى رەفاهى ئیسلامیى تا سەرنخونکردنەوەى حوکمەتەکەى ئەربەکان لەحوزەیرانى (1997)دا.
لیستى سەرچاوەکانى ئەم لێکۆڵینەوەیە زۆر کتێب و لێکۆڵینەوەى نێوەندى توێژینەوە یاخود ئەوانەى لە گۆڤارە وەرزیی ومانگانەکاندا بڵاوکراونەتەوە لەخۆدەگرێت، سەربارى چەندین گۆڤارو رۆژنامەو زانیاریى بەردەست لە تۆڕى زانیاریى نێودەوڵەتى"ئەنتەرنێت" بەزمانەکانى عەرەبیى وئینگلیزیى و تورکى.
پارتی کرێکارانی کوردستان PKKلەپێوەندییە هەرێمییەکانى تورکیادا
1980-1999

ئەم لێکۆڵینەوەیە پشتى بەستووە بە چەند سەرچاوەیەکى مێژوویی بابەتی و بەزمانى جیاواز نوسراون، لەبنەڕەتدا بریتییە لەتێزی دکتۆرای (د.سەلام عەبدولکەریم عەبدوڵا)، کە پێشکەشی بەشی مێژووی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانى زانکۆی سلێمانی کردووەو لەلایەن دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان لەساڵی 2015 چاپکراوە، وسەرچاوەیەکی پڕ زانیارییە دەربارەی مێژووی جوڵانەوەی رزگاریخوازیی کورد لەباکووری کوردستان و مێژووی هاوچەرخی تورکیا.
ئەم کتێبە لە دەروازەو پێشەکى و چوار بەش و ئەنجامگیریی پێکهاتووە، سەرەتا دەروازەى لێکۆڵینەوەکە تەرخانکراوە بۆ گەشەکردنى رەوتى چەپ لە تورکیا لەساڵانى شەست وحەفتاکانى سەدەى رابردووداو چۆنێتی پشکوتنى گروپى ئاپۆچییەکان بەڕێبەرایەتى عەبدوڵا ئۆجەلان لەساڵى 1973 لەنێو رەوتى چەپڕۆی تورکیادا، بەشی یەکەمى لێکۆڵینەوەکە لەکاریگەری PKK لەرووى سیاسیی و چەکدارییەوە لەسەر سیاسەتى نێوخۆیی و دەرەوەى تورکیا دەکۆڵێتەوەو بۆ سێ باس دابەشکراوە. بەشی دووەمى لێکۆڵینەوەکە بریتییە لەکاریگەری پارتى کرێکارانى کوردستان لەسەر پێوەندییەکانى تورکیاو سوریا کەبۆ دوو باس دابەشکراوە. بەشی سێیەمى لێکۆڵینەوەکە بریتییە لەکاریگەری PKK لەسەر پێوەندییەکانى تورکیاو عێراق بۆ چوار باس دابەشکراوە کۆتا بەشی ئەم لێکۆڵینەوەیە، کە بەشی چوارەمە راڤەو شیکارییە بۆ کاریگەری PKK لەسەر پەیوەندییەکانى تورکیاو ئێران بەسەر دوو باسدا دابەشکراوە.
بەشێکی تری ئەو کتێبانە لەلایەن (م. ماجد خەلیل فەتاح- سەرۆکى بەشى مێژوو) کەبەشدارییەکى کاراى لە پرۆژە هزرییەکانى دەزگاى ئایدیادا کردووە وەرگێڕدراوە، کەچەند پەرتوکێکى دیاریکراون لە ژیان و هزرو کارەکانى ئەو فەیلەسوفە مەزنانەى مێژوو، کەلێکۆڵینەوەى زانستى پسپۆڕەکانى خۆرئاوان، کەسەرجەمیان لەزمانى ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی و لەلایەن دەزگاى ئایدیا وگۆڤارى کۆچ چاپ و بڵاوکراونەتەوە: ئەمانەى خوارەوە بەشێکن لەو بەرهەمانە:
1-ئاشنابوون بە لیوتار، نووسینى: چارلس هێنرى ء ئەشلێى وود وارد
2-ئاشنابوون بە تۆماس ئەکیۆنى، نوسینى پرۆفیسۆرى فەلسەفە تایلۆر .ر. مارشال
3- مێژووى پێوەندییەکانى ئیسرائیل و کوردستان سیرغى میناسیان، ئۆفرابێنگیۆ، غلیایندنشتراو سوعودیدعیران
لەبەشێکی تریشدا م. ماجد خەلیل فەتاح لەگەڵ چەند نوسەرێکدا بەشدارە لەنوسین و وەرگێرانى ئەو پەرتوکانەى خوارەوەکە لەسەر چەند بیرمەند وفەیلەسوفێک نووسراون:
(لوى بییر ئالتۆسیر، لودفیغ فیورباخ1804 -1872، پۆڵ ریکۆر، جاک لاکان )


2015-12-29
2266