پتەوكردنی پەیوەندی نێوان زانكۆكانی هەرێم و زانكۆی ئەمریكی لە بەیروت دووپاتكرایەوە



پتەوكردنی پەیوەندی نێوان زانكۆكانی هەرێم و زانكۆی ئەمریكی لە بەیروت دووپاتكرایەوە

 [email protected]

د.یوسف گۆران لەگەڵ وەفدێکی زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت جەختی لە فراوانکردنی پەیوەندییەکان کردەوە

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ وەفدێکی زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت جەختی لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی دامەزراوەکانی خوێندنی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوەندەکانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی جیهان کردەوە.

لەو دیدارەدا کە دوێنێ یەک شەممە، ڕێکەوتی (١٠/١/٢٠١٦) بەئامادەبونی د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا د.ئیمان نەویهیر سەرۆکی وەفدەکە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە زانکۆکەیان لە لیستی زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستاندایە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا د.ئیمان نەویهیر دوای ئەوەی کورتەیەکی لەبارەی مێژوی دامەزراندنی زانکۆکەیان و پیکهات و بەشەکانی خستەڕوو، ئاماژەی بەسیستمی خوێندنی لە زانکۆکەیان کرد بەتایبەت لە بواری تەندروستی گشتیدا، ڕاشگەیاند کە بەئامانجی دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردوە، هەروەک هیواشی خواست دوای شارەزابون لە سیستمی خوێندن و چۆنییەتی یەکسانکردنی بڕوانامەکان بەردنی بناغەی پەیوەندییەکی ئەکادیمیی بەهێز لەگەڵ وەزارەت و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بونیاد بنێن.

لەبەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای ئەوەی بەگرنگیەوە باسی لە پێگەی زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت کرد ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خۆشحاڵ و کاریش دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییە ئەکادیمی و زانستیەکانی لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە گەورەکانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی جیهان فراوان بکات، هەربۆیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ئامادەییە هەموو کارئاسانیەک بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بکات، لەو چوارچێوەیەشدا د.یوسف گۆران وەفدی میوانی ڕاسپارد لە نزیکەوە سەردانی زانکۆکانی کوردستان بکەن بەتایبەت زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان و ئەو زانکۆیانەی کە بەشی فاکەڵتی و کۆلێژی پزیشکیان هەیە، هەروەک دڵنیایی خۆشی پیشاندا کە ئەو جۆرە سەردان و دیدارو کۆبونەوانە بۆ داهاتوی پەیوەندییەکان بەرهەمدار دەبن و ڕێکەوتنی هاوبەشیش بەدوای خویدا دەهێنێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەموو کات دەرگای بەڕوی ئەو زانکۆیانە کراوەیە کە پێگەیەکی دیاریان هەیەو ڕانکینگیان بەرزە. هەر لە میانەی قسەکانیدا د.یوسف گۆران وتی: بەراورد بەمێژوی وڵاتان هەرێمی کوردستان تەمەنێکی کەمی لە بواری خویندنی باڵا هەیە، بەڵام بەبەراورد بەو تەمەنە کەمەی کە هەیەتی لە بواری چەندایەتیدا هەرێمی کوردستان گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەشێوەیەک لە ساڵی (١٩٩١) یەک زانکۆ لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام لە ئێستادا نزیکەی (٣٠) زانکۆمان هەیە، جگە لە پەیمانگە تەکنیکیەکان، ڕونیشیکردەوە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەکاری بەردەوامدایە بۆ بەرزکردنەوەی کواڵیتی خوێندن، وتیشیی بۆ گەیشتن بەو ئامانجەمان پێویستمان بەو زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیایانە دەبێت کە خاوەن ئەزمون و پێگەیەکی زانستی و ئەکادیمی گەورەو دیارن لەسەر ئاستی جیهان.

زانیار مەجید

 

 





 2016-01-11
 1418