لە زانكۆی سلێمانی یەكەمین سیمپۆزیۆمی چارەسەركردنی قەڵەوی بەڕێوەچوو.

153
9 October 2023

ڕۆژی ۲۰۲۳/۱۰/٥ بە ئامادەبوونی د. ڕەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی و پڕۆفیسۆر د. كۆسار محمد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و چەندین ڕاوێژكاری وەزارەتی تەندروستی و پزیشك، یەكەمین سیمپۆزیۆمی هاوبەشی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی و وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ چارەسەركردنی قەڵەوی لە هۆڵی كۆنفڕانسەكانی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە دەستپێكی سمپۆزیۆمەكەشدا، د. ڕەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم وتەیەكی پێشكەشكردو ڕایگەیاند: وێڕای دەستخۆشیمان بۆ ڕێكخستنی ئەم سیمپۆزیۆمە، وەك وەزارەتی تەندروستی هەمیشە هاوكارو پشتیوانی هەر هەوڵێكین لەپێناو بەرەو پێشبردنی بواری تەندروستی و ئەنجامدانی چالاكی زانستی هاوبەش بۆ زیاتر پەرەپێدانی بوارە جۆربەجۆرەكانی تەندروستی. وتیشی: وەزارەتی تەندروستی دەتوانێت لە ڕێگەی ئەنجامی ئەم سیمپۆزیۆم و چالاكییە زانستییە تەندروستییانەوە، كار بۆ داڕشتنی ڕێنمایی نوێ بكات بۆ ئەنجامدانی چارەسەری دابەزاندنی كێش و چارەسەركردنی قەڵەوی بەڕێگەی نەشتەرگەری، كە ئەمە ڕێگەیەكی نوێ و خێراو سەردەمیانەیە لە دونیای پێشكەوتووی ئەمڕۆماندا.
هەرلەو بارەیەوە د. محەمەد ئیبراهیم جەباری مامۆستای كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی و سكرتێری یەكەمین سیمپۆزیۆمی نەشتەرگەری چارەسەركردنی قەڵەوی ڕایگەیاند: یەكەمین سیمپۆزیۆمی چارەسەركردنی قەڵەوی و ئەو نەشتەرگەرییانەی كە بۆ قەڵەوی دەكرێت، لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت، كە كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی و وەزارەتی تەندروستی هەرێم و چەند كلینیكێكی (GIB) “بۆ دابەزاندنی كێش”، بە هاوبەشی ئەنجامی دەدەن، وتیشی: ئەم سیمپۆزیۆمە چالاكییەكی زانستی زۆر گرنگە كە تایبەتە بەو نەشتەرگەرییانەی كە بۆ دابەزاندنی كێش و چارەسەركردنی قەڵەوی بۆ یەكەمجارە لە زانكۆی سلێمانی ئەنجامدەدرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە سیمپۆزیۆمەكەدا لە دوو بەشی جیادا چەندین بابەتی گرنگ، ڕێگەچارەو نەشتەرگەرییەكانی دابەزندنی كێش و چارەسەركردنی قەڵەوی دەخرێنەڕوو كە چەندین پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری و چەندین میوان لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و دەرەوەی وڵات بەشداریان تێدا كردووەو بابەتی زۆر گرنگ لەسەر شێوازو تەكنیكی نوێی زانستی نەشتەرگەریەكانی دابەزاندنی كێش و چارەسەركردنی قەڵەوی پێشكەش دەكەن، كە لە ئێستادا لە جیهاندا كاری پێدەكرێت.
ئاشكراشیكرد، ئەگەر دەرفەت هەبێت لە ساڵی داهاتوودا ئەم سیمپۆزیۆمە فراوانتر دەكرێت و دەكرێتە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی كە بۆ یەكەمین جار دەبێت لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە سەبارەت بە چارەسەركردنی قەڵەوی لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە.

phone-handsetmap-markercalendar-fullearthchevron-down linkedin facebook pinterest youtube rss twitter instagram facebook-blank rss-blank linkedin-blank pinterest youtube twitter instagram