چالاكییەكە لەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا و سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان و زانستە سیاسییەکان و یاسا ڕێكخرابوو.
سیمپۆزیۆمەكە لە چوارچێوەی هەفتەی دیپلۆماسیەتی کوردی، کە پڕۆژەیەکی سیاسی دیپلۆماسییە، ڕۆژی چوارشەممە لە هۆڵی کۆنگرێس لە کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاری کورد لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و پسپۆڕانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و توێژەران و لێکۆڵەرانی بوارەکە و خوێندکاران بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای چالاكییەكەو دوای ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، بەڕێز پ. د. کۆسار محمد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، وتارێکی پێیشکەش کرد، پاشان بەڕێز زیاد ڕەووف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، وتارێکی پێشکەش کرد.
دواتر هەریەكە لەبەڕێزان د.عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا و ڕێزان نەجیب، لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، باسیان لە ڕۆڵ و گرنگی بوونی نوێنەرایەتی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم کرد.
هەر لە چالاكییەكەدا کتێبی (دیپلۆماسی و هزری سیاسی کوردستانی) بە ئامادەبووان ناسێندرا و بەڕێزان پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.هەردی مەهدی و پڕۆفیسۆر د. دانا علی صالح، خوێندنەوەیان بۆ کتێبەکە کرد.