بە ئامادەبوونی د.کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و یاریدەدەرەکانی و راگر و مامۆستایانی کۆلێجەکە، بەشی ئەندازیاری کۆمپیوتەر لە کۆلێجی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانی کرایەوە.
لەسەرەتادا بە ئەنجامدانی پانێلێک گرنگی بەشەکە خرایەڕوو، کە تێیدا هەریەک لە (د.سیروان خورشید، د.جەزا فایەق) بەشداربوون لە پانێلەکەدا کە لەلایەن (مامۆستا توانا سەعید) بەڕێوەدەبرا، بەشداربووان بەشەکەیان زیاتر بە ئامادەبووان ناساند وەک بەشێکی گرنگ و نوێی زانکۆی سلێمانی و گرنگییەکەیان خستەڕوو.
دواتر سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکانی و ئامادەبووان و میوانان پێکەوە بەشەکەیان کردەوە.
لەوبارەیەوە، د.سیروان خورشید، بە سایتی زانکۆی راگەیاند: کردنەوەی بەشی ئەندازیاری کۆمپیوتەر، هەوڵی چەند ساڵێکی کۆلێجی ئەندازیارییە، ئەم بەشە بۆ ئەوەیە بگونجێت لەگەڵ خواستی بازاڕ و دەرچووانی دەتوانن لەچەندین بواری کۆمپیوتەر کاربکەن.
وتیشی: کۆلێجی ئەندازیاری لەرووی پێداویستی ستافی خوێندن و هۆڵ و تاقیگە، ژێرخانێکی باشی هەیە و سەرۆکایەتی زانکۆ بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەم بەشە و بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخانکردووە بەسوپاسەوە.
راگری کۆلێجی ئەندازیاری، رونیشیکردەوە “لە ئەمساڵەوە لەڕێگەی زانکۆلاین بەشی ئەندازیاری کۆمپیوتەر خوێندکار وەردەگرێت، هەروەها مامۆستای پێویست بۆ بەشەکە تەرخانکراوە”.
لەلایەکی دیکەوە، مامۆستا توانا سەعید، مامۆستای بەشی ئەندازیاری کۆمپیوتەر، بە سایتی زانکۆی وت “ئەندازیاریی کۆمپیوتەر بە یەکێک لە بوارە گرنگەکانی ئەندازیاریی دادەنرێت کە لە رۆژگاری ئەمرۆدا خواستێکی زۆری لەسەرە لەبەر ئەوەی سەرەڕای بوارە تایبەتەکانی خۆی، لە سەرجەم بوارەکانی تریش پێویستە و بە بەردەوامی ئەو پێویستی و بازاڕە گەورەتر ئەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەندازیاری کۆمپیوتەر کار لەسەر هەموو
لایەنەکانی پەیوەندیدار بە کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای زانیاریی دەکات، واتە ئەندازیاری کۆمپیوتەر ئەگەر لە بوارێکی دیاریکراویشدا کار بکات، تێگەیشتن و شارەزاییەکی لە بەشەکانی تری کۆمپیوتەر و سیستمە ئەلیکترۆنییەکان هەیە.
باسی لەوەشکرد “لەبەر ئەوەی بواری ئەندازیاریی کۆمپیوتەر بە شێوەیەکی گشتی ستانداردێکی جیهانیی هەیە، خاوەن بڕوانامەکانی ئەم بوارە بە ئاسانی بڕوانامەکانیان لە دنیادا باوەرپێکراو و پەسەندکراوە و هیچ کێشەیەکیان نابێت لەدەرەوی وڵات لەم روەشەوە لە زانکۆی سلێمانی دیراسەیەکی وردی زانستی لە ناو خۆی زانکۆ و دەرەوەی زانکۆش بۆ ئەم بابەتە کراوە و پاشان بریار لەسەر کردنەوەی ئەم بەشە گرنگە دراوە تەنها لەپێناو خزمەتکردنی خوێندکارانی خۆشەویست کە زانکۆی سلێمانی هەمیشە پێشەنگ بووە لەداهێنانەکان و خزمەتکانی بۆ شاری سلێمانی”.