بەمەبەستی گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵ لە كوردستان و عیراق، زانكۆی سلێمانی بەهاوبەشی دامەزراوەی ڤیم، پڕۆژەی هایدرۆپۆنیك (چاندنی ئاویی- بێ خاك)ی جێبەجێكرد.
ڕۆژی ٧ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی (پڕۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد عەلی) سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و (د.هەڤاڵ ئەبوبەكر) پارێزگاری سلێمانی و (پ.ی.د.زانا مەحمود) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و (پ.ی.د. شیروان حەمە ساڵح) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و (د.بەهزاد حمەساڵح) ڕاگری كۆلێژی كشتوكاڵ و (لاڤە حیكمەت) سەرۆكی دامەزراوەی ڤیم و ژمارەیەك لە مامۆستایان، پڕۆژەی هایدرۆپۆنیك لە كۆلێژی كشتوكاڵ خرایەڕوو. سەرەتا، ڕێکخەری پڕۆژەکە لە زانکۆی سلێمانی (د.ڕامان قەلەندەر) ووتەیەکی پێشکەشکردو ڕونکردنەوەی تەواوی لەسەر پڕۆژەکە خستەڕوو کە سودێکی زۆری بۆ شاری سلێمانی و خوێندکارانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵای زانکۆی سلێمانی دەبێت.
وەهەروەها، (محەمەد كامیل) ڕێكخەری پڕۆژەی هایدرۆپۆنیك لە دامەزراوەی ڤیم بە”سایتی زانكۆ”ی ڕاگەیاند: پڕۆژەكە جێگرەوەی بەرهەمهێنانی خۆراكییە بە كۆمەڵێك سودی باش و بە تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو كاری لەسەردەكرێت.
وتیشی: “پڕۆژەكە بە هەماهەنگی زانكۆی سلێمانی و دامەزراوی ڤیم كاری لەسەركراوە و ئامانج لێی بەكارهێنانی شێوازی كشتوكاڵی بێ خاکە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری نەرێنی ژینگەیی، هەروەها بە مۆدێرنكردنی دیمەنی كشتوكاڵیی كوردستان و عیراق، هاوكات بەرزكردنەوەی تواناسازی جوتیاران و خوێندكاران و بەرزكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و خۆشگوزەرانی كۆمەڵگە لە ڕێگەی پەرەپێدانی كشتوكاڵی بەردەوام و بەرهەمی ئاست بەرز”.