زانکۆی سلێمانی-کۆلێژی ئەندازیاری سیمپۆزیۆمیەکی تایبەت بە کەمکردنەوەی مەترسی بومەلەرزە و هەڵسانگاندن بۆ باڵەخانەکان لە کوردستان و عێراق ڕێکخست بە ناونیشانی:
” Towards Earthquake
“Mitigation in Iraq: EMS-98 Adopted Vulnerability Assessment of Existing Buildings ”
ئەم سیمپۆزیۆمە ، کە بەرهەمی پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانی و زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی و زانکۆی باو هاوسی ئەڵمانیە ، کە لە لایەن ڕێکخراوی دادی ئەڵمانییەوە پشتگیری دارایی کارەکانی پڕۆژەکە کراوە، لە ڕۆژی ٧ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی بەرێز (پ.د.سیروان خورشید) ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری و نوینەرانی زانکۆی باو هاوسی ئەڵمانی و مامۆستایان و خوێندکارانی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک لە هەولێر و سلێمانی و زانکۆی کۆمار و زانکۆی ڕاپەرین ونوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەندازیارانی کەرتی گشتی و تایبەتی لە هۆڵی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.
ئامانجی ئەم سیمپۆزیۆمە پێدانی زانیاری بوو سەبارەت بە ئامانجەکانی پڕۆژەکە، دۆزینەوەکانی و ڕووپێوی مەیدانی و شێوازەکانی هەڵسەنگاندنی تایبەت بە باڵەخانەکان لە کوردستان، لەگەڵ نیشاندانی ئەزموونی خوێندکاران، هاوکاری بۆ پەرەپێدانی تواناکان و گفتوگۆ لەسەر چارەسەری داهێنەرانە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بوومەلەرزە.
لەو بارەیەوە (پ.د.سیروان خورشید) ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری بۆ سایتی زانکۆ ڕایگەیاند: سیمپۆزیۆمەکە خاڵێکی گۆڕانکارییە، تیشک دەخاتەسەر دەستکەوتە گرنگ و نوێییەکان لە بواری بەرگەگرتنی بومەلەرزە و هەڵسانگاندن بۆ باڵەخانەکان لە کوردستان و عیراق بە پێێ ستاندەردە نێودەوڵەتیەکان.
وتیشی: پڕۆژەکە کارێکی هاوبەشی زانکۆی سلێمانییە لەگەڵ زانکۆی (باو هاوس)ی ئەڵمانی و زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک لە هەولێر.
ڕاشیگەیاند: سیمپۆزیۆمەکە دەرئەنجامی پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵی (پ.ی.د.چرۆ حیدر ) یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری بووە بە هاوکاری و هەماهەنگی زانکۆی باوهاوسی ئەڵمانی و زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک لە هەولێر و کارکردنی بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سلێمانی لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا . لەم پڕۆژەیەدا خوێندکارانی بەشی شارستانی خولی ڕاهێنانیان بینیوە لەسەر چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی باڵەخانەکان لە کوردستان بە پێی ستاندەردە نێودەوڵەتییەکان، هاوکات خوێندکارانی بەشی شارستانی هەڵسەنگاندنیان بۆ نزیکەی ٥٠٠٠ خانوو لەڕووی مەترسی بومەلەرزەوە ئەنجامداوە و لە پاشان شیکاری وردیان بۆ كراوە لە لایەن بەڕێزان (د. بڕوا حمە سعید) لە زانکۆی سلێمانی و (م. پێشەوا لوقمان و م. بابان باپیر) لە زانکۆی (باوهاوس)ی ئەڵمانی بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرانی پڕۆژەکە لە هەرسێ زانکۆی ناوبراو (پ.د. سیروان خورشید رفیق -زانکۆی سلێمانی، پ.د.لارس ئەبراهامچی- زانکۆی باو هاوس ، د. بەرهەم حیدر- زانکۆی تیشک )، بەمەبەستی خەمڵاندنی توانای باڵەخانەکان بۆ بەرگەگرتنی بوومەلەرزە کە بێگومان ئەمە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت بۆ پێدانی زانیاری ورد بە لایەنە پەیوەندییدارەکان لەسەر ڕەوشی باڵەخانەکان لە کوردستان لە ڕووی بەرگەگرتنیان بۆ بوومەلەرزە و دانانی ڕێگە چارە بۆ بەهێزکردنیان و کەمکردنەوەی مەترسیەکانی بومەلەرزە.