سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پێشوازی لە عەممار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە كرد

09-01-2025

ڕۆژی ٩ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٥، (پرۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد عەلی) سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پێشوازیكرد لە (عەممار حەكیم) سەرۆكی ڕەوتی حكیمە و وەفدێكی هاوڕێی.
لەدیدارێكدا كە یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی‌ و ئەندامانی ئەنجومەن‌ و ژمارەیەك بەرپرسی حزبی ئامادەیبوون، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لەوتەیەكدا بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكی ڕەوتی حیكمە و وەفدی یاوەری كرد بۆ شاری سلێمانی بەگشتی‌ و زانكۆی سلێمانی بەتایبەتی‌ و هیوای خواست ئەم سەردانە دەستپێشخەرییەك بێت بۆ پتەوكردنی پەیوەندی‌ و ئاڵۆگۆڕی ئەكادیمی لەنێوان زانكۆی سلێمانی‌ و دامەزراوەی حیكمە.
(پرۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد عەلی) ڕایگەیاند: بەپێی دواین ڕیزبەندنی تایمز هایەر ئیجوكەیشن زانكۆی سلێمانی بۆیەكەمجار لە مێژوودا پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی زانكۆكانی عێراق‌ و كوردستان بەدەستهێناوە و لەسەر ئاستی زانكۆكانی جیهانیش لەپلەی (١٠٠-١٢٠٠)دایە، ئەمەش دەستكەوتێكی گەورە و گرنگە بۆ ئەنجومەنی زانكۆ و ستافی ئەكادیمی‌ و فەرمانبەران‌ و خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی.
وتیشی: “وەك زانكۆی سلێمانی پەیوەندییەكی پتەومان هەیە لەگەڵ زانكۆكانی جیهان، بەتایبەتی زانكۆكانی باشور و ناوەڕاستی عێراق، لەوچوارچێوەیەشدا یاداشتی لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ زانكۆكانی بەغدا، واست، كەربەرلا، بابل‌ و كوفە هەیە، سەرباری پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە ئەكادیمی‌ و زانستییەكان لەعیراق، هیواداریشین ئەو پەیوەندییانە زانكۆ و دامەزراوەكانی دیكەی عێراق بگرێتەوە”.
لەلایەن خۆشییەوە، (عەممار حەكیم) سەرۆكی ڕەوتی حیكمە لەوتەیەكدا خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی شاری سلێمانی‌ و زانكۆی سلێمانی دەربڕی‌ و ڕایگەیاند: بێگومان زانكۆی سلێمانی یەكێكە لە زانكۆ گرنگ‌ و سەرەكییەكانی عێراق‌ و چەندجارێك ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساوە كە سەردانی زانكۆی سلێمانی بكات‌ و لەنزیكەوە ئەو پێشكەوتنانە ببینێت كە زانكۆی سلێمانی بەخۆیەوە بینیوە.
وتیشی: “عێراق بەچەندین قۆناغ‌ و ئاستەنگی سیاسی‌ و ئەمنی و کۆمەڵایەتیدا تێپەڕیوە، بەڵام بەسەریاندا زاڵ بووە”.
ڕاشیگەیاند: چاوەڕوانییەكانی خەڵك بەخێرایی پێشدەكەوێت، لەم نێوەندا پێویستە زانكۆكان ڕۆڵێكی گرنگ ببینن بۆ بەدیهێنان‌ و خستنەڕووی دیگایەكی ڕوون بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانە و هەروەها گرنگیدانی تێزەکانی ماستەر و دکتۆرا لەسەر پەیوەندی هەمەجۆری عەرب و کورد لەعێراق بۆ گەیشتن بەیەکڕیزی و یەکگرتن و چارەسەرکردنی کێشەو ئاستەنگەکانی وڵات.

phone-handsetmap-markercalendar-fullearthchevron-downarrow-right linkedin facebook pinterest youtube rss twitter instagram facebook-blank rss-blank linkedin-blank pinterest youtube twitter instagram