زانكۆی سلێمانی‌ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە نامەیەكی لێكتێگەیشتنیان واژۆكرد

12-01-2025

بەمەبەستی ڕاهێنان‌ و پەرەپێدانی لێهاتووییە پەروەردەیی‌ و كارگێڕییەكان، زانكۆی سلێمانی‌ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی نامەیەكی لێكتێگەیشتنیان واژۆكرد.
ڕۆژی ١٢ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٥، بەئامادەبوونی (پڕۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد عەلی) سەرۆكی زانكۆی سلێمانی‌ و (مامۆستا عومەر حەمەئەمین) یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، نامەیەكی لێكتێگەیشن لە نێوان زانكۆی سلێمانی‌ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی واژۆكرا.
(د.سۆران حەمەئەمین) لێپرسراوی پەرەپێدانی پەروەردەیی لە زانكۆی سلێمانی بە”سایتی زانكۆ”ی ڕاگەیاند: بەمەبەستی پەرەپێدانی پەروەردەیی‌ و بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی كێشە پەروەردەییەكان لە كۆمەڵگەدا، وەك هەنگاوی یەكەم لەگەڵ سەنتەری هەماهەنگی زانكۆ، بیرمان لەوە كردەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بكەینە چەقی كارەكانمان، چونكە زانكۆی سلێمانی كۆمەڵێك كۆلێژی پەروەردەیی باش‌ و كادری لێهاتووی پەروەردەیی هەیە‌ و هەستمان بەوەكرد، كە لەناو پەروەردەدا كەلێن هەیە، ویستمان كار لەسەر ئەمە بكەین.
وتیشی: “نامەی لێكتێگەیشتنەكەی نێوانمان زۆر گرنگە، چونكە دوو لایەنەیە، وەك زانكۆی سلێمانی لە بواری توێژینەوەدا كاریان لەگەڵ دەكەین، هەروەها ئامادەییمان دەربڕییوە بۆ هەر بوارێك بیانەوێت كاریان لەگەڵ دەكەین”.
لێپرسراوی پەرەپێدانی پەروەردەیی لە زانكۆی سلێمانی دەڵێت: “لە هەنگاوی یەكەمدا دەمانەوێت جارێكی دیكە مامۆستا و كادرەكانی پەروەردە لە ڕووی كارگێڕیی‌ و میتۆدی وانەوتنەوە و دەروونزانی پەروەردەییەوە، ڕاهێنانیان پێبكەین‌ و كاریان لەگەڵ بكەین”.

 

phone-handsetmap-markercalendar-fullearthchevron-downarrow-right linkedin facebook pinterest youtube rss twitter instagram facebook-blank rss-blank linkedin-blank pinterest youtube twitter instagram