ڕۆژی دووشەممە، (پ. د.کۆسار محەمەد عەلی ) سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بەیاوەری (پ.ی.د.شیروان حەمەساڵح) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و (پ.ی.د.خالید ئەحمەد) ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان و (پ.د.تریفە عومەر) بەڕێوەبەری کتێبخانەی ناوەندی و چاپخانەی زانکۆ، سەردانی کتیبخانەی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی بەسەرکردەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرەکانیانەوە پێشوازییان لێکرا.
لە سەرەتادا سەرۆکی زانکۆ و وەفدی یاوەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانیان بەسەرکردەوە و لەلایەن (خاتوو کەوسەر محەمەد) بەڕێوەبەری کتێبخانەکەوە پێشوازییان لێکرا و بەشەکانی کتێبخانەکەیان بەسەرکردەوە و دواتر گفتوگۆیان لەبارەی کاری هاوبەش و ئەنجامدانی نامەی لێکتێگەیشتن کرد، بەوپێیەی کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی خاوەنی چەندین کتێبی دەگمەن و دەستنووسی مێژووییە.
هەردوولا ڕێککەوتن، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا نامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش ئەنجامبدەن و زانکۆی سلێمانی لە ڕێگەی پسپۆڕ و مامۆستاکانی ڕاهێنان بە کارمەندانی کتێبخانەکە بکەن و هەروەها دیدار و سمپۆزیۆمی هاوبەش ئەنجامبدەن.
هەر لە دیدارەکەیاندا سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی ڕاسپارد، کە پڕۆپۆزەڵێک ئامادەبکات بۆ کردنەوەی بەشێکی نوێ لە کۆلێژەکەی بەناوی ” کارگێڕی کتێبخانە و دەستنووسەکان”.
پاشان ( د.کۆسار محەمەد عەلی) سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و وەفدی یاوەری، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانیان کرد و لەلایەن مامۆستا (هاوژین ڕەئوف) پێشوازییان لێکرا و گفتوگۆیان لەبارەی کاری هاوبەش و هاوکاریکردنی هەردوولا کرد و سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەکرد، کە زانکۆی سلێمانی سەدان پسپۆڕ و مامۆستا و کادری لێهاتووی هەیە و دەتوانن کاری هاوبەش لەگەڵ هەموو دامەزراوەکانی دەرەوەی زانکۆ ئەنجامبدەن و هاوکاریان بن لەڕووی ڕاهێنان و کاری هاوبەش.
دواتر وەفدەکەی زانکۆی سلێمانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانیان کرد و لەلایەن (مامۆستا مەلا عەباس) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە پێشوازییان لێکرا و گفتوگۆیان لەبارەی کاری هاوبەش و هاوکاری هەردوولا کرد.
هەر لە سەردانەکانیاندا سەرۆکی زانکۆ و وەفدی یاوەری چاویان بە سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی کوردستان و جێگرەکەی کەوت.
زانکۆی سلێمانی لە ئێستادا هەماهەنگییەکی زۆری لەگەڵ دامەزراوە گشتی و تایبەتییەکانی دەرەوەی خۆی هەیە و پەیوەندییەکی پتەوەی لەگەڵ کۆمەڵگە هەیە و ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش هاوکاریکردنی دامەزراوەکان لە ڕێگەی پسپۆڕ و مامۆستاکانییەوە.