لە ساڵی ١٩٦٨ کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان دامەزراوە، کە لە سەرەتادا دوو بەشی هەبووە: (بەرهەمهێنانی ڕووەکی) و (بەرهەم هێنانی ئاژەڵ). دوای دامەزراندنەوەی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٢ ئەم کۆلێژە یەکێک بوو لەو کۆلێژانەی کە لە ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٩٢ دەرگاکانی بەڕووی خوێندکاراندا واڵاکرد.
لە پشت کردنەوەی کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانەوە چەندین پاڵنەری جیاواز هەبوون، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا وڵاتێکی کشتوکاڵییە و ڕووبەرێکی فراوانی زەوی کشتوکاڵییە و سەرچاوەی ئاوی گونجاوی هەیە. جگە لەوەش هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی خۆراکی ئەوتۆی هەیە کە بتوانێت بژێوی تەواوی دانیشتووانەکەی دابین بکات. بۆیە ڕاهێنانی پسپۆڕان لە هەموو بوارەکانی کشتوکاڵ دا گرنگییەکی بەرچاوی هەیە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان.
لە ئێستادا کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان لە شەش بەشی زانستی پێکدێت:
١- بەشی بایۆتەکنەلۆجی و زانستی بەروبوومی کێڵگەیی.
٢- بەشی باخداری.
٣- بەشی سامانە سروشتییەکان.
٤- بەشی زانستی ئاژەڵ.
٥- بەشی زانستی خۆراک و کۆنتڕۆڵی جۆری.
٦- بەشی کارگێڕی کاری کشتوکاڵی و گەشە پێدانی ناوچەی گوندنشین.